Accessibility links

پاپا پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمەریکا دەکات

پاپا لیۆی چواردەهەم، سەرۆکی کاتۆلیکەکانی جیهان ڕۆژی چوارشەممە پێشوازی لە هەواڵەکانی ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا کرد و ئەو ڕێککەوتنەی بە ئەنجامی هەوڵەکان لە گفتوگۆ و دانوستاندا ناوبرد.

پاپا لیۆ بە ستایشکردنی ڕێککەوتنی کاتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی سوپاس بۆ خودا کە بڕیارە ڕۆژی هەینی هەردوو وڵاتەکە ڕێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ بکەن.

پاپا لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا ئاماژەی بەوەدا کە هیوادارە ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت بۆ هەمیشە و دەشڵێت "هێشتا چەند پرسێک ماوە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەمیشە باشترە ئەو کارە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە ئەنجام بدرێت نەک بە گەڕانەوە بۆ شەڕ."

لێدوانەکانی پێشووی پاپا لیۆ کە ڕەخنەی لە شەڕی ئێران گرتبوو، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکای توڕە کردبوو.

سەرۆکی کاتۆلیکەکانی جیهان ڕایگەیاندبوو هەڕەشە توندەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە دژی ئێران جێگای قبووڵکردن نییە.

لێدوانەکەی پاپا لیۆ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە ئێران وتی "ئەمشەو تەواوی شارستانیەتێک لەناو دەچێت" وئەم وشانەش کاردانەوەی زۆری لە جیهاندا وروژاند و زۆرێک لە شارەزایان وەک هەڕەشەی جینۆساید یان لانیکەم تاوانی جەنگ لێکیان دایەوە.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا دوای قسەکانی پاپا ڕایگەیاند "ئەگەر من لە کۆشکی سپی نەبوایام، لیۆ لە ڤاتیکان نەدەبوو، بەداخەوە لاوازی لیۆ لە بەرامبەر تاوان و چەکی ئەتۆمیدا بەلای منەوە جێگای قبوڵکردن نییە."

مەبەستی سەرۆک ترامپ دۆسیەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامییە کە چەندین جار ڕایگەیاندووە تاران دەبێ چالاکییە ناوکییەکانی ڕابگرێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG